گشت مرۆڤێکی ژیر و ئاقڵ دەزانێت و دەسەلمێنێت کە دڵخۆشبوون مافی مسۆگەری هەموو ئادەمیزادێکە و هیچ کەسێک ناتوانێت لەم مافە بێ‌بەشی بکات. 

بەڵام پێناسەی دڵخۆشی چییە و بە چ شێوەیەک دەبێ دەربخسترێت؟ ئاخۆ دەگونجێ بۆ دڵخوشبوونی خۆت، خەڵکی تر تووشی گرفتی جۆربەجۆر بکەی و ئەرخەیان و ئاسوودەیییان لێ وەربگری؟! 

بەگشتی مرۆڤ لە هەر بیانوویەک بۆ دەربڕینی دڵخۆشییه‌کانی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام بەداخەوه هێندێ جار خستنە بەرچاوی ئەم دڵخۆشییانە بنیاده‌م لە ڕەوتی ڕاست و دروست دەباتە دەرەوە و بە بارودۆخێکی مەترسیداری دەگەیێنێت.

دڵخۆشیکردن نابێ به‌ نرخی تووشکردنی خەڵکی بە بەڵا و دڵبریندارییان تەواو بێت، مایەی سەرسووڕمانه ئەم کەسەی که لە ئازاردانی خەڵکانی تر هه‌ست بە خۆشی دەکات، بەڕاستی ئەمجۆره هەڵسوکەوتانه له ئادەمیزاد دەوەشێنەوه؟!

بۆ هەڵگرتنی ئەم گیروگرفتە دڵتەزێنانە کە لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووریدا هەموو ساڵێ دووپات ده‌بنه‌وه، پێویستی بە هاوکاری و هەوڵدانی خۆتاکی چینه‌کانی جۆراوجۆری کۆمەڵگا هەیە و دەبێ گشت چینێک له‌ئاستی توانا و هێزی خۆیدا بۆ لابردنی ئه‌م گرفتە، هاوبەش و بەرپرس بێت و لە بەرامبەریدا کەمتەرخەمی نەکات.

ئاماژه بۆ هێندێک لە زەرەرەکانی تەقاندنەوەی جۆرە جیاوازەکانی تەرەقەی ڕۆژی چوارشەممەسووری دەکەین:

١-به فیڕۆدانی ماڵ، که خوای گەوره حەرامی کردووه و ئه‌نجامده‌‌ره‌که‌ی به‌رپرسه و لە ڕۆژی قیامەت سزا دەدرێت، تەنیا خوا دەزانێت چەنێک پووڵ و پاره بۆ بەڕێوەبردنی ئەم نەریتە نادڵخوازه خەرج دەکرێت، کە ئەگەر لە ڕێگایەکی باش و بەقازانج بەکار بردرابا زۆر گرفتی پێ چارەسەر دەبوو.

٢- به فیڕۆدانی کات، گشت چرکەساتێکی تەمەنی مرۆڤ زۆر لە زێڕ بەنرخترە و بە فیڕۆده‌ری کات وەکوو زایەکه‌ری ماڵ بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) لە ڕۆژی قیامەت بەرپرس دەبێت، کەواته پێویستە کاتی خۆمان لە کاروباری بەهرەدەر و کەڵکدار بەکار ببەین تاکوو قازانجی باشی دونیایی و ئاخیرەتی وەدەست بێنین.

٣- پێکهاتنی ده‌نگه‌ده‌نگی زۆر، کە بێگومان بۆ هەموو کەسێک گەلێک ئازاردەره، بەتایبەتی بۆ نه‌خۆشەکان و به‌ساڵاچووەکان.

۴-ناپاکبوونی هەوا، هەوای پاک نیعمه‌ت و خەڵاتێکی گەورەیه و وەکوو ئاو و نان بۆ هەموومان پێویسته، هه‌روه‌ها تووشبوونی هێندێک لە جۆرەکانی نەخۆشی و کێشەی هەناسەکێشانیش هۆکارەکەی نەبوونی هەوای پاکه.

٥- ترس و سام لە دڵنان و شێواندنی ئاسایشی خەڵک.

٦- زیانگه‌یاندنی گیانی وه‌کوو کوشتن، بڕینی ئەندامی جەسته بۆ خۆی و خەڵکی تر، کە بەداخەوە زۆر جار شایەتحاڵ و بیسەری هەواڵەکەی بووینە.

٧-  لەبارچوونی منداڵ، کە تاوانێکی گەورەیە و بە مرۆڤکوشتن لە قەڵەم دەدرێت و... 

 

له کۆتاییدا ئه‌مه‌ش بخەینه بەرچاو که دەستبردنی تازەلاوەکان بۆ ئەم کارە مەترسیدارانه بەهۆی بێ ئەزموونییانه و پێویسته بە پەروەردەکردنی دروست و فاماندنی ڕەوشتی جوان و نیشاندانی ڕێگای ڕاست، ئەرکی خۆمان بەجێ بێنین و ڕێنوێنێکی باش بین بۆیان، بەڵام بابه‌تێکی ئازاردەر ئەمەیە کە دایک و باوک و گەورەکان بۆ ئەم نەریتە ناشیرینە دەست پێش بخەن کە بەداخەوه ئەمجۆره کەسانەشمان دیتووه.

ئەگەر ئێستا وشیار و بەخەبەر بین، لە به‌داخبوون ده کۆتایی ژیاندا باشتره! 

لە خواوەندی ڕێنماییکەر داواکارم کە گشتمان بەرەو شاڕێگەی ڕاستی و دروستی ڕێنوێنی بفەرموێت.